بڕی 10 ملیۆن و پارچەیەك زەوی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

:: AM:09:52:15/09/2025 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 لە سنووری شنگال و زومار و شێخان و مەخموور بەردەوامین، بڕیاریشە رۆژی چوارشەم كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەوبارەیەوە ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئەیلوول، كاڤین شێخ سەعید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، لەو شوێنانەی مادەی 140 دەیگرێتەوە، مافی قەرەبووی داراییان هەیە بە بەهای 10 ملیۆن دیناری عێراقی و بۆ ئەوەیش لە بەدواداچوون بەردەوامین.

زیاتر گوتی، ئەو هاووڵاتییانەی ئەم قەرەبووە دەیانگرێتەوە، پارچە زەویی نیشتەجێبوونیان بۆ تەرخان دەكرێت لە ناوچەكانی (شێخان و زومار و شنگال و مەخموور و فایدە و هتد).

بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، بڕیارە ڕۆژی چوارشەمی داهاتوو كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت بە ئامادەبوونی لایەنە پێوەندیدارەكان، بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی زەوی و دیاریكردنی ڕێكارە پێویستەكان، بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی مافەكانی هاووڵاتییان بەبێ دواكەوتن.

دەشڵێت، هەر ساڵێك كە بودجەی گشتی تێیدا پەسند دەكرێت، قەرەبووكردنەوە بەردەوام دەبێت. فەرمانگەی نەینەوا پشكێكی تایبەتمەند دەبێت لەو پارەیەی تەرخان كراوە، كە بەپێی پێڕەوی پەسندكراو، بۆ ئەو هاووڵاتییانە خەرج دەكرێت كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.

شایانی باسە لە ساڵی 2010ـەوە ئەمە یەكەم پارەیە بۆ خەڵكی نەینەوا خەرج دەكرێت، لە كاتێكدا ئێستە پارێزگاكانی تر دەستیان بە وەرگرتنی پارچە زەوی كردووە.


وشە - رامیار جەواد