بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك و بەتۆمەتی دزیكردن، لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دوو تۆمەتبار گیران.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار كرد كە 126 ملیۆن دینار و بڕێك دۆلاری ئەمەریكی و نزیكەی 60 مسقاڵ زێڕی لێ دزراوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا دوو تۆمەتبار بگیرێت هەروەها دەست بەسەر بڕێك لە پارە دزراوەكەدا گیرا.
تۆمەتباران (ب، ع، ع لەدایكبووی 1999- م، م، إ لەدایكبووی 2000) ددانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و ئێستە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادا، ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە.