باوكی ژینا ئەمینی: هەرگیز نە ژینا و نە دۆسیەكەی لە بیر ناكەین

:: PM:01:44:15/09/2025 ‌
بەبۆنەی سێیەم ساڵوەگەڕی ژیانئاوایی ژینا ئەمینی، باوی ژینا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، هەرگیز نە ژینا و نە دۆسیەكەی لە بیر ناكەین.

ئەمجەد ئەمینی باوكی ژینا، لە ستۆری ئینستاگرامەكەی خۆی نووسیویەتی،  بەناوی خوڵقێنەری جوانی و ژیان، رەنگە ئاسمان كوژانەوەی ئەستێرەیەك و زاگرۆس وشكبوونی لێوەكانی كانییەك، یان سووتانی باڵای داربەڕووە خوێناوییەكانی لە بیر بكات، رەنگە دەریا بەتاڵانبردنی یاقووتەكانی قووڵایی ناخی، كوێستان پەڕپەڕبوونی گوڵاڵەسوورەكانی لە بیر بكات، بەڵام هەرگیز كوردستان و ئێران، سیسبوون و وشكبوونی جوانی و زەردەخەنەی گوڵەكانی فەرامۆش ناكات”.

دەقی پەیامەكەی باوكی ژینا:

بەناوی خوڵقێنەری جوانی و ژیان
بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی مەهسا، ژینای لەبیرنەكراوی كوردستان و ئێران.

رەنگە ئاسمان كوژانەوەی ئەستێرەیەك و زاگرۆس وشكبوونی لێوەكانی كانییەك، یان سووتانی باڵای داربەڕووە خوێناوییەكانی لە بیر بكات، رەنگە دەریا بەتاڵانبردنی یاقووتەكانی قووڵایی ناخی، كوێستان پەڕپەڕبوونی گوڵاڵەسوورەكانی لە بیر بكات، بەڵام هەرگیز كوردستان و ئێران، سیسبوون و وشكبوونی جوانی و زەردەخەنەی گوڵەكانی فەرامۆش ناكات.

ئێمەش هەرگیز یادی پەپوولەكانی خەندە لەسەر لێوی گوڵی ژیانمان، ژینای هیوامان فەرامۆش ناكەین.

تێپەڕبوونی رۆژ، مانگ و ساڵە سەختەكان، هەرگیز ناتوانێت یاد و بیرەوەری و دۆسیەی ژینای ئازیز و هەموو شەهیدەكانمان لە ژیانماندا بسڕێتەوە.

خەمی لەدەستدانی ئازیزەكەمان، وەك گڕكانێك لە قووڵایی ناخمان بڵێسە دەكات و دەمێنێتەوە.

ژن مایەی ژیانە و ژیانیش بێ ئازادی كۆیلایەتییە.

وەك شاعیری كورد، پیرەمێرد دەڵێ:
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین.

باوكی ژینا، كوردستان، سەقز

15.9.2025



وشە - سۆران عەزیز