سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رای دەگەیەنێت، دەیانەوێ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بگۆڕن بۆ ناوەندێكی گەشتیاری و كشتوكاڵیی پێشكەوتوو.
ئەمڕۆ دووشەم 15ی ئەیلوول، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، هەنگاوی بەرچاو نراون لە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و گەشتوگوزار، بەتایبەت لە ڕێگەی باشتركردنی ڕێگەوبانەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، كە بوونەتە هۆكار بۆ ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر و بووژانەوەی ئابووری ناوچەكە.
هەڵگورد شێخ نەجیب زیاتر گوتی، لە ماوەی چوار ساڵی حكوومەتی هەرێمدا، چەندان پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێ كراون وەك دووسایدی سپیلك، ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، شادەماری رێگەی سۆران كە شەقامی 40 مەترییە، هەروەها شەقامی 30 مەتری و دووسایدی حاجی ئۆمەران، نۆژەنكردنەوەی رێگەی گوندەكان یەكێكی تر بووە لە پلانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
هەڵگورد شێخ نەجیب زیاتر گوتی، پلانمان هەیە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە پڕۆژە گەشتیارییەكان، كە لە ناویشیاندا تەواوكردنی پڕۆژەكانی ماستەرپلانی گەشتیارین كە ئێستە لە قۆناغی جێبەجێكردندان، بەرچاوترینیان "دیزاینكردنەوەی بێخاڵ و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ و تەلەفریكی گەلی و وێرەكەنی رووباری كاولۆكان"ن، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ ناساندنی سۆران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی.
لەبارەی دیدگە و تێڕوانینی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ چوار ساڵی تر چی دەبێت؟ هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، بۆ چوار ساڵی داهاتوو، دیدگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بریتییە لە گۆڕینی ناوچەكە بۆ "ناوەندێكی گەشتیاری و كشتوكاڵی پێشكەوتوو و بەردەوام"، ئەمە ئامانجی سەرەكیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، لەم پێناوەدا گەشتوگوزار و كشتوكاڵ دەبنە پێشینەی كارەكانمان.
سۆران ئیدارەی سەربەخۆیە و لە ماوەی رابردوودا وەك هەر ناوچەیەكی تری كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەی لێ جێبەجێ كراوە.
سۆران/ كرمانج فەتاح