بە بڕیاری مەسروور بارزانی.. هێزی پێشمەرگە یەك یەكەی ژمێریاری دەبێت

:: PM:05:46:15/09/2025 ‌
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێكار و هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، ئەمڕۆ دووشەم، 15ی ئەیلوولی 2025 کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو، تیایدا سەرۆكی حكوومەت دەستخۆشی لەو پێشكەوتنانە كرد كە تا ئێستە لە پرۆسەی چاكسازییەكانی پێشمەرگە ئەنجامدراون و دووپاتی لە پێویستیی تەواوكردن و سەرخستنی پرۆسەكە كردەوە. لەمبارەیەوە ژمارەیەك بڕیاری گرنگ بۆ خێراتركردنی چاكسازییەكان دران، لەوانە یەكخستنی یەكە ژمێریارییەكان كە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی پێشمەرگە، تەنیا یەك یەكەی ژمێریاریی هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاری و داراییەوە، بەگوێرەی یاسا و ڕێنوێنییە داراییەكان. 

هەروەها بڕیاری ڕێكخستنەوەی پێكهاتە و بەیكەربەندیی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە درا، بە جۆرێك كە لەگەڵ چاكسازییەكانی حكوومەت بگونجێت.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە ئاسانكاری لە ڕاییكردنی مامەڵەی خانەنشینیی هێزەكانی پێشمەرگە كە پێویستە بەرژەوەندیی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت، لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت، لایەنە پێوەندیدارەكانی ڕاسپارد پەلە بكەن لە ڕاییكردنی مامەڵەكان و دووپاتى كردەوە، نابێت كێشە یاسایی و تەكنیكییەكان ببنە ڕێگر لە بەردەم خەرجكردنی مووچە و شایستەكانیان.

كۆبوونەوەكە داواش لە حكوومەتی فیدراڵ دەكات، مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە سوپای عێراق یەك بخات، چونكە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەكانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم