كاروباری بەشێك لە فەرمانبەران بۆ تاپۆكردنی زەوییەكانیان لە شارەوانی تەواو بوو

:: AM:09:09:16/09/2025 ‌
لەلایەن لیژنەی وەزارەتەكان بۆ تەواوكردنی كاروباری زەویی فەرمانبەران كە یەكەم وەجبە بوون، كارەكانیان لە شارەوانی تەواو بوو، نووسراو بۆ پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی میری نێردراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، بەشێكی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری ئاشۆكان یەكەم وەجبە زەوییان وەرگرت، ئێستە كارەكانیان لە شارەوانی تەواو بووە.

ئەوەش زانراوە، نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگای هەولێر كراوە بۆ ئەوەی كاروبارەكانیان لەوێش تەواو بكرێت، نووسراوێكیش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی میری كراوە.

دوای تەواوبوونی كارەكانی خانووبەرەی میری، راستەوخۆ ئەو زەوییانە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ دەكرێت و رێكارەكان دەست پێ‌ دەكەن كە رسوومات و چەند كاروبارێكی ترن.

27ی ئایاری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.


وشە - رامیار جەواد