بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوە رای گەیاند، ئێستە زیاتر لە 40 پڕۆژەی گەورە لە هەرێمی كوردستان كاریان تێدا دەكرێت و بەشی زۆریان رێگەی دووسایدن. هاوكات گوتی، بەمزووانە رێگەی هەولێر- كۆیە تەواو ناكرێت.
ئاگرین عەبدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندان پڕۆژەی ستراتیجی خستووەتە كار، لە بواری رێگەوبان 40 پڕۆژەی گەورە لە كاردان بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانە، كوردستان دەچێتە قۆناغێكی ترەوە.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئەوەشی گوت، ئەوەی دەگوترێ ئەمساڵ رێگەی كۆیە و هەولێر تەواو دەكرێت راست نییە، رەنگە دوو ساڵی تریشی بوێت، راستە كاری زۆری تێدا دەكرێت، بەڵام پڕۆژەیەكی گەورەیە و وردەكاریی زۆری تێدایە، هەموو پڕۆژەكان كاری زۆریان تێدا دەكرێت، بەڵام ئەمساڵ هیچیان تەواو نابن.
بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوە رای گەیاند، 202 پڕۆژە بڕیاری كاركردنیان بۆ دراوە، بەڵام بەهۆی بێ پارەییەوە، بەشێك لەو ژمارەیە كاریان تێدا دەكرێت، هەموویان بای سێ ترلیۆن دیناری عێراقین، ئێستە پارەی هەمووی دابین ناكرێت .
ئاگرین عەبدوڵا باسی لەوەش كرد، رێگەی كۆڕێ بۆ شەقڵاوە و قەندیل، باعەدرێ و ئیتد، كەڵەك و بەردەڕەش رێگەی دووسایدی ئاكرێ بۆ قەندیل كاریان تێدا دەكرێت، رێگەی دوكان- چوارقوڕنە ئەویش گرێبەست كراوە و پڕۆژەیەكی گەورەیە، رێگەی وارماوە و دەربەندیخان هەموو كاریان تێدا دەكرێت.
لەبارەی تونێلی نوێ لە كوردستان گوتی، ئێستە خەریكین تونێلی هەیبەسوڵتان بخەینە پلانەوە، ئەویش هەندێك وردەكاریی ماوە و تونێلی میراو و ماوەران ساڵی داهاتوو و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.