لە سلێمانی لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە، كامێرای چاودێریی لەناو پاسی قوتابیاندا دادەنرێت، ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و دڵنیابوونە لە هاتوچۆكردنیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن.
بڕیارە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، كامێرای چاودێری لەناو پاسەكانی گواستنەوەی قوتابیان دابنرێت. ئەم پڕۆژەیە دایك و باوكان و سەرپەرشتیاران دەتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ چاودێریی منداڵەكانیان بكەن.
گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، پڕۆژەكە مەبەستی كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و رووداوەكانی هاتوچۆیە.
لە هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە ملیۆنێك و 720 هەزار قوتابی لە قوتابخانە حكوومییەكان و زیاتر لە 132 هەزار قوتابی لە قوتابخانە ناحكوومییەكان دەخوێنن.
ژمارەیەك داودەزگای پێوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی، خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن كە تێیدا كامێرای چاودێری لە ناو پاسی گواستنەوەی خوێندكاران دادەنرێن. گۆران قادر گوتی، ئەم پڕۆژەیە ئامادە كراوە و دایك و باوكان دەتوانن لە كاتی گواستنەوەی منداڵەكانیان، دڵنیایی زیاتریان هەبێت، پڕۆژەكەش چەند لایەنێكی وەك ئاسایش، قایمقامییەت و پەروەردە پێكەوە تاوتوێی دەكەن.