قایمقامی ناوەندی هەولێر رای گەیاند، لە ماوەیەكی نزیكدا بازاڕی ماتۆڕسكیلەكانی هەولێر كە لەناو جەرگەی شارەكەدان و ژاوەژاوێكی زۆریان دروست كردووە، نامێنێت.
نەبەز عەبدولحەمید رای گەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا بازاڕێكی هاوچەرخی تایبەت بۆ كڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسكیل دروست دەكرێت، چیتر ئەو بازاڕەی پێشتر كە لەسەر 30 مەتری شارەكە بوو نامێنێت.
بازارە هاوچەرخە نوێیەكەی ماتۆڕسكیل و پایسكیلیش دەكەوێتە رێگەی كەركووك و دەچێتە دەرەوەی شار و لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی دروست دەكریـَت، ئامانجەكە ئەوەیە ئەو قەرەباڵغی و ژاوە ژاوە كەم بكرێتەوە.
قایمقامی هەولێر گوتی، بازاڕەكە بە گوژمەی دوو ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار، لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی دروست دەكرێت، بە گواستنەوەی بازاڕەكە بۆ شوێنی تازە، دەبێتە هۆی پاكبوونەوەی ژینگەی شوێنەكە.