ئەمەریكا: یارمەتیدەر دەبین لە دروستكردنی ھێزێكی سەربازیی پیشەیی و یەكگرتوو بۆ كوردستان

:: AM:11:51:17/09/2025 ‌
كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر، پێشوازی لە چاكسازییەكانی پێشمەرگە دەكات و رای گەیاند، یارمەتیدەر دەبین لە دروستكردنی ھێزێكی سەربازیی پیشەیی و یەكگرتوو.

ئێوارەی دوێنێ كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئەمەریكا، لە سەرۆكایەتی هەرێم لەبارەی چاكسازی و رێكخستنەوە و یەكگرتنەوەی پێشمەرگە كرا.

ئەمەریكا سوورە لەسەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێكبخرێتەوە، وەك كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر ئەمڕۆ 17ی ئەیلوول ئاماژەی پێ داوە، "لە دروستكردنی ھێزێكی سەربازیی پیشەیی و یەكگرتوو هاوكار دەبین".

كونسوڵگەكە دەڵێت: كونسوڵی گشتیی "گرین" بەشداری كرد لە كۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ھەرێمی كوردستان، بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەكانی یاداشتی لێكتێگەیشتنی ساڵی 2022، بەشداربووان بە بەرەوپێشچوونەكانی چاكسازی پێشمەرگەدا چوونەوە و لەسەر ھەنگاوەكانی داھاتوو ڕێككەوتن، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی ھەموو خاڵەكانی یاداشتەكە بە ئامانجی دروستكردنی ھێزێكی سەربازیی پیشەیی و یەكگرتوو.

كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر باسی لەوەش كردووە، ھەردوولا دووپاتیان لەسەر پابەندبوونیان كردەوە بە ھەوڵەكانی چاكسازی لە ھێزەكانی پێشمەرگەدا.

 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، پشتگیریی ھەرێمی كوردستان دەكات كە ناوچەیەكی سەلامەت و پارێزراو و  گەشەسەندووتر دروست دەكەن بۆ ھەمووان.



وشە - سۆران عەزیز