گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بەرچاو ڕوونییەكی لەبارەی پرسی نەوت و مووچەدا و رای گەیاند، پێویستە لەگەڵ رادەستكردنی نەوت عێراق تەواوی مووچەكان رەوانە بكات.
پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حكوومەت نووسیویەتی، لەكۆبونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 48سەعات دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون كە بە یاسا بیانییەكان مافی ئەوان پارێزراو بێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان نوسراوی فەرمیكردووە كە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بكات.
هەورامی دەڵێ، پێویستە لەگەڵ ڕادەستكردنی نەوت مووچەی مانگی حەوت و مانگەكانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، "لە ئەسڵی بابەت، هیچ كام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان و تەنیا یاساكانی بودجە و یاسای كارگێڕی دارایی و دەستوور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەك هۆكاریش نامێنێت بۆ خەرجكردنی مووچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییەكان و ئەركەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێكردون و نەناردنی موچە بێ موبەریرە".
هەروەها دووپاتی كردووەەتەوە كە ئێستە توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێكردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت و هەموو هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە كە هیچ موچەیەكی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.