لێدوانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەبارەی مووچە و كێشەكان

:: PM:04:34:17/09/2025 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی کوردستان دووپاتی لە چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە و رای گەیاند، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانمان بە زیادەوە جێبەجێ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم، 17ی ئەیلوولی 2025، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بەڕێوەچوو، لەوێ‌، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگ و بەربەستە تەكنیكییانەی كراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە.

دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە، نابێت چیتر ئەم بابەتانە ببنە ڕێگر لە بەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە مافێكی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەكانیان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

ئەوەی پێوەندی بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە هەبوو ئەوەیە: تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات (جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و وا چاوەڕوان دەكرێت، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێككەوتننامەیە گەڵاڵە بكرێت.

تا كاتی واژووكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی كوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم