ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر رای گەیاند، لە سەر ڕەزامەندیی سەرۆكی حكوومەت، دوو ملیار دینار وەك فریاگوزاریی بۆ چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەكانی ئاوی سروشتی باران و كەموكوڕی و گرفتەكانی، تەرخان كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئەیلوول، لە پارێزگای هەولێردا كۆبوونەوەیەك تایبەت بە ئامادەكاریی بۆ وەرزی بارانی ئەمساڵ و خاوێنكردنەوەی چاڵەكانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵ، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و كەند و ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاوی باران ئەنجام درا.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی پلان و بەرنامە و نەخشەڕێگەی وەرزی بارانی ئەمساڵ و ڕێگە چارەسەرییەكانی كێشە و گرفتەكانی خستەڕوو، ئاماژەی بەو پلان و بەرنامە و پڕۆژانە دا كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتی و لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دراون و بە هۆیانەوە توانراوە قۆناغی زۆرباش ببڕن، ئێستە تا ئاستێكی زۆرباش مەترسییەكانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر كەم بووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، لەسەر ڕەزامەندیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی دوو ملیار دینار وەك فریاگوزاریی بۆ چارەسەركردن و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و رێڕەوەكانی ئاوی سروشتی، كەموكوڕی و گرفتەكان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەكان و كووچە و كۆڵانەكانی شاری هەولێر، كەند و رێڕەوی سروشتی ئاوی باران و نەهێشتنی كێشەكان تەرخان كراوە.
هاوكات داوای لە هاووڵاتییان و هاوشاریانی پارێزگای هەولێری كرد، هاوكار و هاوئاهەنگی تیمەكانی حكوومەت بن، هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەشی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەر لە وەرزی بارانبارین، لە پێناوی ڕوونەدانی لافاو و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دراون، بەرز نرخاند.