براكانی لاهوور شێخ جەنگی دەیان كەس نانبڕاو دەكەن

:: PM:05:09:18/09/2025 ‌
جیا لەو هێزانەی كە لەناو لالەزار بوون و چەكدارییان دەكرد كە لە شەوی 22ی ئابدا گیران و تا ئێستە ئازاد نەكراون، دەیان كەسی تر كە لە ماڵ و باخەكانی براكانی لاهوور شێخ جەنگی كاریان دەكرد، نانبڕاو كراون و مووچەیان وەرنەگرتووە. 

جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هەریەكە لە ئاراس شێخ جەنگی و ئاسۆی برایان خاوەنی چەندان پاسەوان و باخەوان بوون و چاودێری ماڵەكانیانیان دەكرد، بەڵام دوای رووداوی 22ی ئاب، ئەو باخەوان و پاسەوانانە گەڕاونەتەوە ماڵەوە و یەك دیناریشیان لەلایەن كوڕانی شێخ جەنگییەوە نەدراوەتێ‌. 

یەكێك لەو پاسەوانانە كە لەبەر سەلامەتی گیانی ناوەكەی بڵاو ناكەینەوە بە "وشە"ی گوت، ماڵباتی شێخ جەنگی خاوەنی موڵك و باخی زۆرن، بە تایبەت لە گوندی كەلكان، بۆ ئەو شوێنانەیش چەندان پاسەوان و باخەوانیان دانابوو، بەڵام لە دوای رووداوەكانی 22ی ئابەوە پێوەندییان لەگەڵ هیچكام لە كوڕانی شێخ جەنگی نەماوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەوانە بە مووچەی دیاریكراوی مانگانە كاریان كردووە، ئێستە لەلایەن كوڕانی شێخ جەنگییەوە وەڵامی پێوەندییەكانیشیان نادرێتەوە، كە ئایا ئەوان لە كاری خۆیان بەردەوام بن یان نا. 

بەگوێرەی قسەی ئەو پاسەوانە، دوو مانگە یەك دیناریان وەرنەگرتووە لە كاتێكدا خەڵكی تێدایە خاوەن خێزانە و سەرچاوەی دارایی ئەو مووچەیەیە كە لەلایەن ئاراس شێخ جەنگی و براكانی تری لاهوورەوە دابین دەكرێت. 

22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی لە هۆتێل لالەزار هەڵیانكوتایە سەر لاهوور شێخ جەنگی و دوای سێ‌ سەعات و نیو شەڕكردن، لە ئەنجامدا لاهوور و برایەكی گیران و چەندان كەس بەهۆی ئەو شەڕەوە بوونە قوربانی.


وشە - وشه‌