مەلا بەختیار: یەكێتی كۆچی دوایی كردووە و بە هێزی چەكدار هەژموونی خۆی پاراستووە

:: AM:09:59:19/09/2025 ‌
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیە نیوز"، ڕەخنەی توند لە حیزبەكەی و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت، "یەكێتی كۆچی دوایی كردووە."

درەنگانی دوێنێ شەو پێنجشەم 19ی ئەیلوولی 2025 لەو چاوپێكەوتنەی كە "شەرقیە نیوز" بڵاوی كردووەتەوە، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە كرد کە یەكێتی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەماندا ڕەوایەتیی جەماوەریی بۆ 2% دابەزیوە، چونكە لە سلێمانی تەنیا 2%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

هەروەها گوتیشی، یەكێتی توانیویەتی هەژموونی بەرچاوی خۆی لە حكوومەتی هەرێم و ناوەندیدا بپارێزێت، بەهۆی ئەوەی خاوەنی هێزی چەکداریی حزبییە و ئەمەشی بە یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، مەلا بەختیار پێی وابوو كە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، نە پەرلەمانی بەغدا و نە پەرلەمانی كوردستان ناتوانن كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكەن. 

ناوبراو هۆکاری ئەمەش بۆ دابەزینی ڕەوایەتیی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە و ئاشکرای کرد کە ڕێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا گەیشتووەتە %88.





وشە - پۆڵا مەحموود