سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە ئاگادارییەكدا، هەڵمەتێكی گەورە و چڕی بۆ كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری شارەكەدا ڕاگەیاند، كە تێیدا پاداشتی دارایی بۆ ئەو هاووڵاتییانە تەرخان كردووە كە بەشداری لە هەڵمەتەكەدا دەكەن.
هەڵمەتەكە لە سبەی شەموو 20ی ئەیلوولی 2025ـەوە دەست پێ دەكات و ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێت. شارەوانی هۆكاری ئەم هەڵمەتەی بۆ "زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و كۆڵانەكان و نزیكبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن" گەڕاندووەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی خوێندكاران.
شارەوانیی سلێمانی بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریكردن لە هەڵمەتەكەدا، بڕیاری داوە پاداشتی دارایی دابین بكات. بەپێی ئاگادارییەكە، هەر هاووڵاتییەك سەگێكی بێلانە ڕادەستی شەڵتەرەكە لە ناوچەی ڕازیان (نزیک بازگەی عەربەت) بكات، بڕی سێ هەزار دینار وەک پاداشت وەردەگرێت. هەروەها ئەگەر هاووڵاتییان سەگەكان كۆبكەنەوە و تیمەكانی شارەوانی ئاگادار بكەنەوە بۆ بردنیان، بڕی دوو هەزار دیناریان پێ دەدرێت. یەكێك لە مەرجەكانیش ئەوەیە كە هەر سەگێك بەچكەی هەبێت، دەبێت لەگەڵ بەچكەكانی بهێنرێت.
لە بەشێكی تری ئاگادارییەكەدا، شارەوانی داوا لە "ئاژەڵ دۆستان و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان" دەكات كە "پشتیوان و هاوكار بن بۆ ئەم هەڵمەتە كە سوودی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاووڵاتییان دەبێت."