سەرۆك حزبێك لە گرتووخانەیش ناتوانێ كەسوكاری ببینێت

:: PM:01:01:08/10/2025 ‌
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رای دەگەیەنێت، سەرۆك حزبێك لە گرتووخانەیە و رێگریش دەكرێت ئێمە سەردانی بكەین، بە گوتەی كەسوكاریشی دۆخی تەندروستیی خراپە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تشرینی یەكەم، لە روونكردنەوەیەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە، دوای ئەوەی كوڕێكی ئارام قادر سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی كرد و سكاڵای تۆمار كرد، لەبارەی گرتنی باوكی لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانییەوە، لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە باری تەندروستیی باوكی ناجێگیرە. داواشی كرد ڕێگە بە پارێزەرەكەی بدرێت سەردانی بكات بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی كەیسەكەی.

باس لەوەش كراوە، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەنووسراوی فەرمیی ژمارە 1037، ئاراستەی هێزێكی تەناهی لە سلێمانی كرد كە ئاسانكاری و هاوكارییان بكرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەفەرمی لە ڕێگەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی دەستەوە، چەندان جار داوای كرد لە هێزە تەناهییەكان كە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بكات بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵیان لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تا ئێستە ڕێگەیان نەداوە كە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین كە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، مافی بەدواداچوونی هەیە بۆ سەردانكردنی چاكسازییەكان و بەندیخانەكان و بەدواداچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لە هەرێمی كوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بەئەركی خۆی دەزانێت سەردانی ئارام قادر بكات و ئاگاداری دۆسیەكەی و ڕەوشی ژیانی بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ.

ئەو دەستەیە دەڵێت، ڕێگریكردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانكردنی شاندی دەستە بۆ لای گیراوەكە، پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاسا كارپێكراوەكانە و كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەكەی، هەروەها ناوبانگی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی.

ئەو دەستەیە دەڵێت، داواش دەكەین هەرچی زووە هێزە تەناهییەكانی شاری سلێمانی كاتێك دیاری بكەن بۆ سەردانكردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پارێزەر بۆ لای .





وشە - رامیار جەواد