"وشە" زانیارییەكی تایبەت لەسەر لاهوور شێخ جەنگی و شوێنی گرتنی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:04:29:09/10/2025 ‌
لاهوور شێخ جەنگی كە لە 22ی ئابەوە لەلایەن هێزەكانی یەكێتی گیراوە، چەندان زانیاری و دەنگۆی لەبارەی بڵاو كراوەتەوە، بەڵام "وشە" دوای بە دواداچوونێكی ورد، چەندان زانیاریی دەست كەوت، دەركەوتووە كە دەنگۆی گواستنەوەی ئەو لە گرتووخانەی كانی گۆمە دوورە لە راستییەوە. 

بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە" دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە لاهوور شێخ جەنگی لە گرتووخانەی كانی گۆمە گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی فەرماندەیی سلێمانی، دوورە لە راستی و ئەو هێشتا لە گرتووخانەی كانی گۆمەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆماندۆی یەكێتییەوە بۆ "وشە" زانیارییەكانی پشتڕاست كردووەتەوە گوتی، ئەو ژوورەی كە لاهوور شێخ جەنگی لێ‌ بووە، سێ‌ جار گۆڕاوە، ئێستە لە ژوورێكی تاكەكسیدایە و رۆژانە 10 خولەك بۆی هەیە بێتە حەوشەكە و پیاسە بكات. 

ئەو باسی لەوەیش كرد، كەسوكارەكەی دەیبینن، بەڵام هیچ ئامێرێكی پێوەندیی لا نییە و جەلی تایبەتی لە زیندانیكراوانیشی نەدراوەتێ‌، هەر جلی ئاسایی و رۆژانە. 

لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێ‌ ژوورەكانیان بۆیاغ كراوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، نەخێر ژووری لاهوور شێخ جەنگی كە سێ جار شوێنەكەی گۆڕاوە و دەستكاری نەكراوە، بەڵام ئەوەی پۆڵادی تێدا مابووەوە نوێ‌ كراوەتەوە و لەماوەیەدا ئەو لە شوێنە نەمابوو. 

ئەوە لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا باس لە تێكچوونی دۆخی تەندروستی پۆڵاد شێخ جەنگی كرا، شادمان مەلا حەسەن كە سەركردەیەكی بەرەی گەلە گوتی، ژوورەكەی بۆیاغ كراوە و گومان دەكرێت بەو هۆیەوە ژەهراوی بووبێت. 

رۆژی 22ی ئابی ئەمساڵ، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر لالەزار و لە ماوەی زیاتر لە سێ‌ سەعات و نیودا شەڕ كرا، لە ئەنجامدا لاهوور شێخ جەنگی و دارودەستەكەی گیران. 



وشە - وشه‌