كەی بەغدا مووچەی مانگی هەشت رەوانە دەكات؟

:: PM:06:34:11/10/2025 ‌
د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی لیستی پارتی لە كەركووك رای گەیاند، ساڵی 2021 لەناو هامەڕی سەربازی بانگەشەمان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بە شكۆوە و بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كەرنەڤاڵمان كرد. 

ڕوونیشی كردەوە، خەڵكی كەركووك تینووی پارتییە، تینووی ئاڵای كوردستان بوو، بۆیە ئەو شوێنەی لە شۆریجە دابین كرا بەشی ئەو جەماوەرە زۆرەی پارتیی نەدەكرد. 

ئەوەیشی خستەڕوو، بەهۆی قەرەباڵغی ئاهەنگەكەی ئەمڕۆی پارتی، چەند گەنجێك ویستوویانە بێنە پێشەوە و ئاڵۆزییەك دروست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر تەقە كرابێت ئیجرائات دەكەین.

لەبارەی هاتنی مووچە لە بەغداوە پرسیاری ئاراستە كرا و گوتی، بەغدا ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت رەوانە دەكات.

د. شاخەوان عەبدوڵا لە وەڵامی پرسیارێكی "وشە"دا كە بۆچی ئاهەنگەكەی جێنەهێشت دوای تەقەكردن، گوتی، ئێمە فێر نەكراوین هیچ گۆڕەپانێك جێبهێڵین.

هەر پێوەست بە مووچە، هەواڵی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە بڕیارە سبەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بڕی 120 ملیار دینار رەوانەی بەغدا بكات، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم