كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان بە چڕی بەردەوامە، رێگەی هاتن ماوەی دوو هەفتەیە تەواو بووە، ئێستە دوای كاركردنێكی زۆر، قیرتاوكردن لە سایدی چوونیش دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تشرینی یەكەم، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" قیرتاوكردنی رێگای چوون لە هەولێر بۆ گۆمەسپان، رێك لە هەورازە نەفت دەستی پێ كردووە.
كاركردنەكە بە دوو ئاراستەیە، ئاراستەیەك بۆ هەولێر و ئاراستەیەكیش بۆ گۆمەسپان، ئامانجەكە ئەوەیە بەخێرایی بەبێ وەستان رێگەكە تەواو بكرێت و دەست بكرێت بە كارە تەكنیكی و ئەندازەییەكان.
ئەمیر ئەحمەد بەڕێوەبەری رێگەوبان لە هێمن گرووپ كە كۆمپانیای جێبەجێكارە، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان لە 12ـی حوزەیران دەستی پێ كردووە و كارێكی یەكجار زۆری تێدا كراوە.
زیاتر گوتی، پڕۆژەكە وردەكاریی زۆری تێدایە لە پرد و راستكردنەوە، بەڵام ئێمە كاری خۆمانە و دەزانین چۆن ئەنجامی دەدەین بە تەواوی وردەكارییەكانەوە.
باسی لەوەش كرد كە بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەیانە، ساڵی داهاتوو ئەو رێگەیە تەواو دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان كە بە باشترین كوالێتی و ستاندارد دروست دەكرێت.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- گۆمەسپان كە لەلایەن كۆمپانیایی هێمن گرووپ جێبەجێ دەكرێت، بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2026 تەواو بكرێت.
درێژیی شەقامەكە 15 كیلۆمەترە و پانی هەر سایدێك 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت.
دووسایدەكە لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا دوو هەزار كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 99%ی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە.
لە سێی تەمووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی پڕۆژەكەی ڕاگەیاند.
ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە.
پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگەی هەولێر تا سماقوڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.
لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە دانا، لەو كاتیش رای گەیاند كە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان دروست دەكرێت.
پڕۆژەكە ستراتیجی و گرنگی سنووری پارێزگای هەولێرە و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك لاین بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە.
پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ هەردوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی سنوورەكە، (دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی) و دووسایدی ڕێگەی سەرەكیی هەولێر- كۆیە كاری تێدا دەكرێت.
هاوكات رێباز مەعرووف ئەندازیاری رێگەوبان، بە "وشە"ـی راگەیاند، خاڵی هەرە بەهێزی ئەو جووتسایدە دروست دەكرێت، كوالێتی قیرەكەیەتی كە دوو چینە، هەروەها ئاستی گەرمی و پێكهاتەكانی زۆر بەرزە.
روونی كردەوە، ئەو رێگەیە لە داهاتوو دەبێتە شادەمارێكی بەهێزی ئابووری هەولێر، چیتریش ئەو رێگەیە نابێتە رێگەی مەرگ، بەڵكو دەتوانرێت بڵێن رێگەی بەختەوەری دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەرینیی نزیكەی 11 مەتر بۆ هەر سایدێك بەمانای دوو مەتریش شۆڵدەری تەنیشتەكان دێت، بۆیە ئەو رێگەیە بەرزی كوالێتیمان پێ دەڵێت.