پڕۆژەیەكی گرنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سنووری قەزای قوشتەپە، تەواو بوو و بۆ دەیان ساڵ كێشەی ئاو لەو سنوورە نامێنێت و بیرەكانیش دادەخرێن.
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تشرینی یەكەم، بژار مەلا خالید قایمقامی قوشتەپە، بە "وشە"ـی راگەیاند، كارەكانی خاوێنكردنەوەی بۆڕییەكان و گەیشتنی ئاو بۆ قوشتەپە لە قۆناغی پێش كۆتایی، سەركەوتووانە ئەنجام درا.
زیاتر گوتی، لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا ئاوی پاك دەگاتە سەرجەم هاوبەشەكانی قەزاكە و پڕۆژەكە بەفەرمی دەكرێتەوە.
مانگی نۆـی ساڵی 2024، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئاوی خواردنەوەی قوشتەپە و زیاتر لە 71 گوند لەخۆ دەگرێت.
تێچووی پڕۆژەكە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینارە و رۆژانە 173 مەتردووجا ئاو دابین دەكات، سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت.
پڕۆژەكە پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بێستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە. بەگشتی پڕۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 70 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر، جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە، بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندان ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاوییان هەیە، دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە.