گرنگیی پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان تاوتوێ‌ كرا

:: PM:05:16:13/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) و دۆستی كۆنی عێراق و هەرێمی كوردستان، باسیان لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی ناوچەكە كرد.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بایەخ و گرنگیی پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان وەك دوو هاوپەیمان كە بەرژەوەندیی هاوبەشی ستراتیجی پێكەوەیان دەبەستێتەوە و دەتوانن لە زۆر بواری جیادا، برەو بە هاریكاریی هاوبەشیان بدەن.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، دووپاتیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە كردەوە، لەمبارەیەوە تیشكیان خستە سەر ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان كە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بنیاتنانی پردی پێوەندی و كۆكردنەوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی ناوچەكە له ڕێگەی هاریكاری لە بواری وزە و ئابووریدا.

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دۆخی سووریا، مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش، لایەنی تری دیدارەكە بوون.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم