مەسروور بارزانی بۆ دەرچووانی زانكۆی دهۆك: رۆژ بە ڕۆژ وڵات بەرەو پێش ببەن

:: PM:07:01:13/10/2025 ‌
لەناو گڕوتینی كچان و كوڕانی دهۆك، كە ئەمڕۆ ئاهەنگی خولی 30ی دەرچوونییان لە زانكۆی دهۆك بەڕێوە چوو، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دڵخۆشی خۆی پێشاندا و گوتی، ئەو سەركەوتنەتان بەرپرسیاریەتیتان زیاد دەكات. 

داوای كرد كە دەرچووان، بەردەوام بن لەسەر خوێندنی زیاتر، هەندێكی تریشتان دێنە كۆمەڵگە و دەبنە كەسی كاریگەر، لە سیاسەتی وڵاتی خۆتاندا، ئاوەدانكردنەوەی وڵاتی خۆتاندا.

"ئێوە هیوا و ئومێدی دواڕۆژن، سبەی دەبنە ئەو سەركردەیەی كە ئێمە هەموومان چاوەڕێین وڵات بكەوێتە دەستی ئێوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوەی ببەن" سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی دایك و باوكی قوتابییانی دەرچووانی كرد كە سەرەڕای زەحمەتییەكانی ژیان، نەیانهێشت ڕۆڵەكانیان بێ بەهرە ببن و بێبەش ببن لە خوێندنی خۆیان و هەموو پشتیوانییەكی خۆیان بۆ مسۆگەر كردنی پاشەڕۆژیان، بە دابینكردنی پاشەڕۆژی ئەوان، پاشەڕۆژی كوردستان بەدی دێت.

هەروەك سوپاسی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی كرد كە بەردەوامن لە پاراستنی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم زانكۆیە و زانكۆكانی تریش لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بن لە فێركردنی قوتابییان و نەوەیەكی تازە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم