نەیارانی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان و ئەوانەشی چاویان بە سەركەوتنەكانی حكوومەتی هەرێم هەڵنایەت، بە بەردەوام بانگەشەی خراپ و دەنگۆی ناراست بڵاو دەكەنەوە، بۆی ئەوەی بە نەرێنی كار لە دەروونی هاووڵاتییان بكەن، بەتایبەتی لە سەروبەندی هەڵبژاردن، لەوانە هەرێم تووشی تەنگژەی كەمیی سووتەمەنی بووەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان روونكردنەوەیەكی لەوبارەوە بڵاو كردەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان رووبەرووی قەیرانی سووتەمەنی نەبووەتەوە، هەندێك كەناڵ و پەیجەكانی سۆشیال میدیا، پرسی راستگۆیی و پیشەیی بۆ بانگەشەی راگەیاندن بەكاردێنن و دەیانەوێ بە بڵاوكردنەوەی چەواشەكاری، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن.
لە دوا هەوڵیاندا دیدارێكی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لە كەناڵی "ئاڤا نیوز"، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەكەی بدەن، بابەتەكەیان بڵاو كردووەتەوە و لە مانشێتی بابەتەكەدا باسیان لە (قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان) كردووە.
وەزیری سامانە سروشتییەكان تەنیا باسی ئەوەی كردووە كە پشكی هەرێم بۆ ناوخۆ كەمە و وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بەنزین و سووتەمەنیی زیاتر دابین بكات و بە هیچ شێوەیەك باسی قەیرانی سووتەمەنی نەكردووە، كەچی ئەوان باسیان لە قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی كردووە، لەكاتێكدا بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی نەبووەتەوە و نابێتەوە.