سەرجەم كارەكانی جووتسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی تەواو بوو

:: AM:10:50:16/10/2025 ‌
سەرجەم كارەكانی جووتسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی تەواو بووە و كاری میكانیكیشی بۆ ئەنجام دراوە و كەمتر لە 10 رۆژی تر دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئۆكتۆبەر، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان كۆتایی هات، سەرجەم رێكارەكانیی میكانیكی و ئەندازەی هاتوچۆی بۆ كراوە.

پێشتر ئەمیر ئەحمەد بەڕێوەبەری رێگەوبان لە هێمن گرووپ كە كۆمپانیای جێبەجێكارە، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لە جووتسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی دوای دەستپێكردنی، تا ئێستە كارێكی یەكجار زۆری تێدا كراوە.

زیاتر گوتی، پڕۆژەكە وردەكاریی زۆری تێدابوو، بەڵام خۆشبەختانە تەواو بوون و تەنیا چەند هێڵكاری و وردەكاریی تێدا ماوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو بەشەی تەواوە بووە، درێژییەكەی 22 كیلۆمەترە، لە مەفرەقی گۆمەسپانی دەست پێ‌ دەكات، بەمنزیكانە بە رێوڕەسمێك دەكرێتەوە.

پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- گۆمەسپان كە لەلایەن كۆمپانیایی هێمن گرووپ جێبەجێ دەكرێت، بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2026 تەواو بكرێت.

ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە.

پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگەی هەولێر تا سماقوڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.

لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا، لەوكاتیش رای گەیاند كە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان دروست دەكرێت.

پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ هەردوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی سنوورەكە، (دووسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی) و دووسایدی ڕێگەی سەرەكیی (هەولێر- كۆیە) كاری تێدا دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد