مەسروور بارزانی: پارتی دەچێتە بەغدا بۆ گەڕانەوەی خاكە داگیركراوەكانی كوردستان

:: PM:12:24:16/10/2025 ‌
لە كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەری بۆ ناساندنی كاندیدەكانی پارتی لە سنووری هەولێر، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ڕای گەیاند، "پارتی دەچێتە بەغدا بۆ گەڕانەوەی خاكە داگیركراوەكانی كوردستان."

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی تشرینی یەكەم، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە هەولێر بەڕێوە چوو.

مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئامادەبوونتان جێگەی پێزانینی هەموو لایەكمانە، هیوادارین بەردەوام بن بۆ سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیستی سەربەرزی شەهیدان، لیستی پێشمەرگە قارەمانەكان، لیستی سەرۆك بارزانی، لیستی ئەو كاندیدە سەربەرزانە كە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان.

جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بۆ مانگێك خزمەتی ئەو خوشك و برایانە دەكەین بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ لە بەغدا خزمەتی ئێوە بكەن، بۆیە هەموومان پێكەوە پشتیوان دەبین بۆ سەرخستنی ئەم لیستە و ناردنی ئەو خوشك و برایانە بۆ پەرلەمانی عێراق. 

مەسروور بارزانی ڕاشی گەیاند، دەبێت هەوڵێكی رژد بدەین بۆ ئەوەی پارتی ببێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەكیی نەتەوەكەمان، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە هەموو خەونەكانی گەلەكەمان ببنە ڕاستی، پارتی لە كوردستان هیچ ڕكابەرێكی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستە لە بەغدا ململانێی پارتی دەكەن، بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.

دووپاتیشی كردەوە، بەغدا بووەتە شوێنێك بۆ هەموو ئەو لایەنانەی كە چاویان بە سەركەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت، یان بۆ ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە كوردستان ڕكابەریی پارتی بكەن، بۆ ئەوەش بەغدایان هەڵبژاردووە تا لەوێ ڕكابەری پارتی بكەن، ڕێگریی لە پڕۆژە و سەركەوتنەكانی كوردستان بكەن، بۆیە ئێمە پێویستە بچینە ئەوێ ئەو بەربەستانە هەڵبگرین. وابكەین دەستوور وەك خۆی جێبەجی بكرێت، هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغدا دەستەبەر بكەین.

مەسروور بارزانی باسی لەوەش كرد، ئێمە كە ئەو نوێنەرانە دەنێرینە بەغدا، دەبێت بەرگریی لە تاك تاك مافی خەڵكی هەموو وڵات بكەن، نەك تەنیا خەڵكی كوردستان، دەبێت بەرگریی لە خەڵكی ستەملێكراو بكەن، بەرگریی لە پێكهاتەكان بكەن بە هەموو ئاین و چین و تویژێكەوە. بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.

جێگری سەرۆكی پارتی گوتیشی: دەبێت بەشێوەیەكی شارستانی بانگەشەی هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە داوا دەكەم لە ئاستی پارتی بانگەشە بكەن، خۆتان نەهێننە ئاستی خەڵكانی تر كە چاویان بەسەركەوتنی ئێوە هەڵنایەت.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر لایەنێك بهاتایە بەڵێنی كارەبای 24 سەعاتی و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی و هێنانی ئاو و خزمەتگوزاریی بدایە، ڕەنگە بگوترایە ئەمە قورسە، بەڵام ئەمانە بەڵێن نین، ئەمانە ئەو دەستكەوتانەن كە پارتی بۆ ئەم وڵاتە و بۆ هەولێر و كوردستان بەجێی هێناون. 

جێگری سەرۆكی پارتی دووپاتیشی كردەوە، پێشتریش گوتیان دەتانڕووخێنین، دەتانوەستێنین، تێكیدەدەین، گوتمان ناتوانن، نەشیانتوانی ڕامانگرن، ئێستەش دەیانەوێت گومان دروست بكەن كە بتوانین دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین، كە بتوانین هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و دەستوور بەجێ بهێنین، كە بتوانین هەموو بستێكی داگیركراوی كوردستان بگەڕێنینەوە، بۆیە دیسانەوە دەڵێین ئێمە دەتوانین. دەتوانین سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنین، دەتوانین پارتی ببێتە گەورەترین و سەركەوتووترین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

مەسروور بارزانی باسی لەوە كرد، ئەم سەركەوتنانە كەس خێری پێ نەكردووین و منەتی كەسی تێدا نییە، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانە، بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستكەوتی جووتیار و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و دایك و باوك و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە، بۆیە كەس منەتمان بەسەر نەكات، ئەوەی كردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەدەستمان هێناوە.

گوتیشی: من پەیامێكم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتك سوپاستان دەكەم، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە هیچ لەو دەستكەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، دواتر هێز و بازووی ئێوە بووە هێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیومانە سەركەوتن دوای سەركەوتن تۆمار بكەین.

جێگری سەرۆكی پارتی دەشڵێت: بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێكی تر سەركەوتن بۆ پارتی تۆمار بكەن، دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێوە دەچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ دەدات، خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگەكان بەدەست نەهێنێت، ئەوە دەنگانەی بۆ لایەنەكانی تر دەچن، ناكەونە خزمەتی كوردستان، بۆیە دەبێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین تا خزمەتی زیاتر بكەین.

مەسروور بارزانی ڕوونیشی كردەوە، لایەنی كوردستانی هەبووە ویستوویانە زیان بە خەڵكی كوردستان بگەیەنن، ئەوەی پارێزگاریی لە مافی خەڵكی كوردستان كردووە، پارتی بووە، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەوەی هیچ پلانێكی تر دژی هەرێمی كوردستان سەرنەكەوێت، دەبێت پارتی سەربكەوێت.




وشە - سۆران عەزیز