زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارەدێی ڕزگاری دابەش كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە فەرمانبەران و ئەو جووتیارانە كرد كە زەوییان بۆ دەرچوو، هاوكات سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئیدارە و شارەوانیی ڕزگاری كرد كە كاری هونەری و دروستكردنی نەخشەی كەرتیان بۆ زەوییەكان كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، دەڵێت، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی پارەوە دەستی پێ كردووە، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە و لە زۆر شوێن كارەكان گەیشتووەتە دوایین قۆناغ و كاركردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، زەوییەكانیان وەربگرن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە بەردەوامی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرد و گوتی: لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی پێویستی ئەو شوێنانەی كارەكانیان تەواو دەبێت تیروپشك بۆ دابەشكردنی زەوی دەكرێت. گوتی، ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی زۆر باشە و بە پرۆسەكە بە باشی لە هەموو شوێنێك بەڕێوە دەچێت و ئێمەش وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لەگەڵ سەرجەم سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە ئاراستەی ڕاستەقینە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببێت.