پڕۆژەكانی سلێمانی كە دەستیان پێ كرد، ئیتر تەواوبوونیان نییە، ئەمە قسەی خەڵكی شارەكەیە كە نیگەرانن لە خاوی و تەواو نەكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی كە ئێستە بە ئۆتۆبانی بابان دەناسرێت، لە 11-7-2020 بەردی بناغەی دانرا، گوژمەی پڕۆژەكە 400 ملیار دینارە، بەڵام دوای پێنج ساڵ هێشتا كارەكانی تەواو نەبوون.
دلێر كەمال بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی كۆمپانیای قەیوان رای گەیاند، 26 كیلۆمەتری پڕۆژەكە كۆتایی هاتووە و كۆتایی ئەم مانگە ئەو بەشەی بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.
گوتیشی، ئەو بەشەی كە تەواو بووە پێكدێت لە یەك بەرزەپرد، پێنج ئەندەرپاس، 68 ئاوبەر و حەوت یەكتربڕ.
نەبوونی پڕۆژە و كەمتەرخەمی لە خزمەتكردنی شارەكە، دانیشتووانەكەی نیگەران كردووە، خەڵكی سلێمانی بۆ "وشە" قسەیان كردووە و باسیان لە نەبوونی پڕۆژەی گرنگ لە شارەكەدا دەكەن.
هاوڕێ تۆفیق كە دانیشتووی سلێَمانییە، دەڵێت پڕۆژە هەن، بەڵام بەخاوی بەڕێوە دەچن، هەندێك گۆڕانگاری لە شەقامەكانی سلێمانی كراون و شتی باش دروست كراون، بەڵام بۆ سلێمانی كەمن.
هاوڕێ دەڵێت، پڕۆژەكان ئەوەندە بەخاوی كاریان تێدا دەكرێت، "كە دەستیان پێ كرد ئیتر تەواو نابن".