بەرەی گەل: رەشبگیری بەرانبەر لایەنگرانمان كراوە

:: PM:01:29:18/10/2025 ‌
لایەنگرانی بەرەی گەل لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان گردبوونەوە و داوای یەكلاكردنەوەی كەیسی گیراوانیان كرد و رایان گەیاند، لە 22ـی ئاب رەشبگیریی بەرانبەر لایەنگرانیان كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی یەكەم، شادومان مەلا حەسەن سەركردە لە بەرەی گەل، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم بارەگای UN لە هەولێر ڕای گەیاند، ئێمە وەك بەرەی گەل، ناهەقیی زۆرمان بەرانبەر كراوە.

زیاتر گوتی لە شەوی رووداوەكە، هێزێكی 20 هەزار چەكداریی یەكێتی بە چەندان چەكی پێشكەوتوو پێكهاتوو لە تۆپ و تانك و باجەری سەربازی و درۆنی خۆكوژی، پەلاماری ماڵی لاهوور شێخ جەنگییان دا، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی، لە ماوەی چوار سەعاتدا ئاگربارانی لالەزاریان كرد.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو هێرشە وایكرد چەندان هاووڵاتی كوژران و بەشێكی تریشیان بریندار بوون، لەگەڵ گرتنی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەك لە هاوڕێیانی كە چارەنووسیان نادیارە.  

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو هێرشە بە تۆمەتی بێ بەڵگە و بێ بنەما ئەنجام درا، دوور لە ئەركی دادگا و پۆلیس و ئاسایش، لە كاتێكدا لاهوور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەندامی هەڵبژێردراوی تازەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی بەرەی گەلە.

22ی ئاب هێزەكانی یەكێتی لە سلێمانی دەوری ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و بارەگای سەرەكیی حزبەكەیان لە هۆتێل لالەزار دا، ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان هێزە تەناهییەكان و لاهوور شێخ جەنگی ڕووی دا، ڕووداوەكە لە ئاستی كوردستان، عێراق و دنیا كاردانەوەی لێ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد