سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی سلێمانی رای دەگەیەنێت، بە شانازییەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچینە ناو خەڵك، چونكە پارتی خزمەتی خەڵكی كردووە.
ئەمڕۆ شەموو، 18ی ئۆكتۆبەری 2025، ئەشواق جاف، سەرۆكی لیستی پارتی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی رابردوودا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان لە خەمی خاك و خەڵكی كوردستان بووە، چەندان پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی بۆ خەڵك كراون، بۆیە بە شانازییەوە دەچینە ناو خەڵك و متمانە بەدەست دەهێنین.
ڕوونیشی كردەوە، بە دڵنیاییەوە پارتی بە یەكەمی دەمێنێتەوە، پێویستە هێزی پارتی لە بەغدا زیاتر بێت بۆ ئەوەی توندتر داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان بكات.
ئەشواق جاف باسی لەوە كرد، لیستەكەیان لە سلێمانی بانگەشەیەكی ئارام دەكات و رێنوێنییەكانی سەرۆك بارزانی جێبەجێ دەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵك بۆ دەنگدان واقیع دەبینێ نەك قسە و وەهم، ئێستە پارتی ئەوەی گوتوویەتی كردوویەتی، بۆیە بە یەكەمی دەمێنێتەوە.
ئەشواق جاف كاندیدی ژمارە یەكە لە لیستی 275ی پارتی لە بازنەی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین.