قوتابیانی وەرگیراو لە زانكۆ 50 هەزاریان لێ وەردەگیرێت

:: AM:09:14:19/10/2025 ‌
كۆلێژی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی، مەرج و رێنوێنی نوێی بۆ قوتابیانی وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) بڵاو كردەوە، كە تێیدا ئاماژە بە پێدانی بڕی 50 هەزار دینار دەكات وەك بەشێك لە پرۆسەی تۆماركردن.

بەپێی رێنوێنییەكانی كۆلێژەكە، ئەو قوتابیانەی كە ناویان لە كۆلێژی زانستە رامیارییەكان گەڕاوەتەوە، پێویستە چەندان مەرج و پێداویستی جێبەجێ بكەن بۆ تەواوكردنی پرۆسەی تۆماركردنیان.

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ئەم رێنوێنییانە، بریتییە لە پێدانی پسوولەیەك بە بڕی 50 هەزار دینار، كە تایبەتە بە تۆماركردنی قوتابیان و وەرگیراوانی ئۆنلاین.

جگە لەم بڕە پارەیە، قوتابیان پێویستە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی تر ئامادە بكەن، لەوانە:

بڕوانامەی پۆلی (12)ی ئامادەیی.
بەڵگەنامەكانی وەك كارتی نیشتمانی، كارتی زانیاری و كۆبۆنی خۆراك.
وێنەی رەنگاوڕەنگی تایبەت و كارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆران.
پشكنینی چاو و گرووپی خوێن.

هەروەها قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان پێویستیان بە بڕی 250 هەزار دینار دەبێت وەك كەفالەت، لە كاتێكدا خوێندكارانی دەرەوەی بەشە ناوخۆییەكان پێویستیان بە بڕی 10 هەزار دینار دەبێت وەك بەڵێننامە.

ئەم رێنوێنییانە لە كاتێكدایە كە 26ـی ئەم مانگە ساڵی نوێی خوێندن، بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەك دەست پێ دەكات.



وشە - سۆران عەزیز