دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران بەردەوامە، لە قەزای بنەسڵاوە وەك یەكەمین شوێن لە هەرێمی كوردستان، زەوی بۆ شەش هەزار فەرمانبەر و قەرەبووی خاوەن زەوییە كشتوكاڵییەكان دابین دەكرێت و پرۆسەی دابەشكردنەكە كۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی تشرینی یەكەم، زریان سەباح سەرۆكی شارەوانیی بنەسڵاوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سنووری ئێمە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زەوی بەرەو كۆتایی دەچێت و ئێستە لە قۆناغی كۆتایی نزیكە.
زیاتر گوتی، شەش هەزار زەوی بۆ فەرمانبەران و ئەو كەسانەشی قەرەبوو دەكرێنەوە وەك خاوەن زەوی پێشنیاز كراوە، بە دابەشكردنی ئەو شەش هەزارە، سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو سنوورە زەوی وەردەگرن و هیچ فەرمانبەرێك لەو سنوورە نامێنێت زەوی وەرنەگرتبێت.
روونی كردەوە، نەخشەسازی و پرۆسەی وردەكاری تەواو بووە، تەنیا یەك رێكاری ئیدارەی ماوە تەواو بێت پرۆسەی دابەشكردنەكە ئەنجام دەدرێت.
بە دابەشكردنی شەش هەزار پارچە زەوی لە سنووری بنەسڵاوە، دەبێتە یەكەم ناوچەی كوردستان كە تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی كارتی زانیارییان ئەو سنوورەیە، زەویی خۆیان وەردەگرن و كەس نامێنێتەوە.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.