رۆمی هەركی لە سلێمانی دەگیرێت

:: PM:12:21:21/10/2025 ‌
گۆرانیبێژ رۆمی هەركی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا رای گەیاند، لە بازگەی سیتەكی نزیك سلێمانی رایانگرتووە و بەو نیوەشە گوتوویانە، دەبێت مۆڵەتی ئاسایش بێنیت تا بچیتە داوەتی برادەرێكت لە باخەكانی سیتەك.

رۆمی هەركیی گۆرانیبیژ تۆمارێكی ڤیدیۆی وەك گلەیی لە بەرپرسانی دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، شەوی رابردوو لەگەڵ برادەرێكیدا كە باخێكی خۆشی لە سیتەك هەیە، بەمەبەستی پشوودان چوونەتە سیتەك.

رۆمی باسی لەوە كردووە، بەڵام لە بازگەی سیتەك داوای ناسنامەیان كردووە و ئەویش پێی داون، دواتر لە ئۆتۆمبێلەكەی دایانگرتووە و بردوویانەتە ژوورەوە.

رۆمی دەڵێت: مفەوەزێكی بازگەكە گوتوویەتی، ئێمە رێگە نادەین سووری و ئێرانی بچنە سیتەك، دەڵێت: پێم گوت، خۆ دیارە من هەركیم و خەڵكی كوردستانی باشوورم و گۆرانیبێژیشم، نەك سووری و ئێرانی.

گوتیشی، بازگەكە پێیان گوتووە، بەم نیوەشەوە بچن لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسیایشی سلێمانی مۆڵەت بێنن، ئەویش پێی گوتوون ناسنامەكەم بەرنەوە دەگەڕێمەوە هەولێر.

رۆمی بەدڵێكی شكاوەوە رێز و خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵكی سلێمانی دەنێرێت و دەڵێت: بەداخەوە ئەوە مامەڵەیەكی زۆر ناتەندروستانەیە و من بەو شەوە ناچار بووم شارە حەیاتەكە جێبێڵم بگەڕێمەوە هەولێر.

ئەو گۆرانیبێژە داوا لە بەرپرسانی تەناهیی سلێمانی دەكات كە ئەو كارانە رابگرن و چیتر خەڵكی دەرەوەی سلێمانی ئەزییەت نەدەن، چونكە ئەوانیش هەر كوڕ و كچی ئەم وڵاتەن و كورد و كوردستانین.



وشە - سۆران عەزیز