لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كوردانی تاراوگەش بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری دەكەن و بۆ پشتیوانیكردن لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرەو كوردستان دەگەڕێنەوە. بەرپرسی لقی شەشی ئەوروپای پارتی ڕای دەگەیەنێت كە تا ئێستا سەدان كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی لەسەر ئەركی خۆیان بگەڕێنەوە و دەنگ بە لیستەكەیان بدەن.
سەرهەد غەفوری، بەرپرسی لقی شەشی ئەوروپای پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە وەك بەشێك لە هەڤاڵانمان لە كارگێڕان و بەرپرسانی ناوچەكانی ئەوروپاوە گەڕاوینەتەوە هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردن لە بانگەشە و سەرخستنی لیستی 275ی پارتیمان. ئێستاش لە چاوەڕوانی و پێشوازیكردنی ئەو ئەندام و لایەنگرانەداین كە لە تاراوگەوە دەگەڕێنەوە بۆ دەنگدان.
ناوبراو گوتیشی، بە ئەركی خۆمانی دەزانین شان بە شانی میللەت و حیزبی خۆمان بوەستین. وتارەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆكی پارتی بە هەند وەردەگرین و كار بۆ سەرخستنی لیستەكەمان دەكەین.
بەرپرسی لقی شەشی ئەوروپا ئاشكرای كرد، تا ئێستا زیاتر لە 400 ئەندامی پارتیمان ناوی خۆیان نووسیوە و ئامادەن لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان بە لیستی 275ی پارتیمان.
لەلایەن خۆیەوە، سەگڤان ساڵح كارگێڕی لقی شەشی ئەورووپا، بە "وشە"ی ڕاگەیاند "ئامادەین و هەریەكەمان لە سنووری خۆمانەوە پاڵپشتیی لیستی 275ی پارتیمان دەكەین و بەشداری لە بانگەشە و دەنگداندا دەكەین بۆ لیستی ئاوەدانی و ئارامی."
هەروەها، لەتیف خۆشناو، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی لقی شەشی ئەورووپا، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئێمە وەك كوردانی ئەورووپا بەشێكی دانەبڕاوین لە هەرێمی كوردستان. هەمیشە لە پرسە نیشتمانییەكان و هەڵبژاردنەكاندا ئامادە بووین و لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەستاوین. ئێستاش لێرەین بۆ سەرخستنی لیستی 275ی پارتیمان."
هەڵەبجە / عەزیز ڕەسوڵ