ئومێد خۆشناو: یەك دینار لە ئیدارەی گشتیی یەكێتی بۆ شەقامی فیدراڵی كۆیە تەرخان نەكراوە

:: PM:04:43:23/10/2025 ‌
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ورد و درشتی كردنەوەی شەقامی فیدراڵی لە كۆیە ئاشكرا كرد و گوتی، ئەو شەقامە لەسەر بودجەی هەولێر تەواو كراوە. 

ئومێد خۆشناو گوتی، چیرۆكی شەقامەكە چیرۆكێكی درێژە كە داخوازی خەڵكی كۆیە بووە، بەڵام ئەمڕۆ كردنەوەی شەقامەكە بە حزبی كرا و ئاگەدار نەبووین لە كردنەوەی شەقامەكەدا لەكاتێكدا پێشتر رێزمان لە جێگری سەرۆك وەزیران گرتووە و سەردانی پڕۆژەکەمان نەكرد. 

خۆشناو دووپاتی لەوە كردەوە، جێگری سەرۆكی حكوومەت مافی خۆیەتی بەشداری لە كردنەوەی پڕۆژەكان بكات، بەڵام دوای كردنەوەی پڕۆژەكە هیچ قسەیەكی نەكرد چونكە راستییەكانی لەلا بوو. 

هەروەها وەڵامی میدیای یەكێتی دایەوە كە نووسیویانە ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی یەكێتی تەواو كرا و گوتی، ئەوە تەواوی ناراستە و لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر تەواو كراوە. 

پارێزگاری هەولێر باسی لەوە كرد، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان شەش ملیار دیناری بۆ شەقامی فیدراڵی تەرخان كرد، بەڵام نیەتی قوباد تاڵەبانی ئەوە بوو كە بدرێتە كۆمپانیایەكی حزبی و دواجار درا بە كۆمپانیایەكی كۆیە كە حزبییە. 

هەروەك دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەكە ئێستە بە قەرز تەواو كراوە و یەك دینار لە بودجەی ئیدارەی گشتیی یەكێتی نییە، بۆیە ئەوەی كرا پڕۆسەیەكی حزبی بوو، لەكاتێكدا خەڵكی كۆیە باوڕیان بەوان نەبوو ئەو پڕۆژەیە تەواو بكەن.


وشە - وشه‌