ئاڤێستا مام یەحیا: كۆیە پێویستی بە رۆحیەتێكی نوێی ئاوەدانییە و بە پارتی دەكرێت

:: PM:05:56:23/10/2025 ‌
كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، كۆیە فەرامۆش كراوە، بەڵام ئێستە پێویستی بە رۆحیەتێكی نوێ هەیە بۆ ئاوەدانی و ئەوەیش تەنیا بە پارتی دەكرێت لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشە ئاوەدانییەی كە مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، دەستی پێ كردووە. 

ئاڤێستا مام یەحیا، كاندیدی ژمارە دوو لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ" وشە" گوتی، كۆیە یەكێكە لە دڵگیرترین شارەكانی كوردستان، هەیبەت سوڵتانی بە هەیبەت لە بڵندییەوە دەڕوانێت بەسەر كۆیەدا و پشتە بۆمان، هەرمۆتە و خشڵەی كۆیەش بۆ خۆیان ناونیشانێكی ناسراوە.

روونیشی كردەوە، خەڵكی كۆیە، ڕۆشنبیر و هەستبەرز و دنیادیتە و ماڵكراوەن بۆ میوان، دەست و دڵیان وەك ئاوی سازگار پاكە، لە دنیای ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەریشدا پڕاوپڕە لە كەڵەپیاوی زرنگ و دانا و هوشیار، كە دڵدار و حاجی قادری كۆیی و خاڵە تایەر و سێوەی مەزن، دیارترین سەرمەشقەكانی بوارەكانی خۆیانن.

"پشتگیری و پشتیوانیی خەڵكی كۆیە بۆمان، وامان لێ دەكات كە ئەم هەموو جوانییەی بەرجەستە بكەین لە خزمەت كردنیدا لە ڕووی گەشتیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە، چونكە فەرامۆش كراوە و پێویستی بە ڕۆحیەتێكی نوێ هەیە بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی كە ئەوەیش تەنیا بە پارتی دەكرێت". ئاڤێستا مام یەحیا وای گوت.

ئەوەیشی دووپات كردەوە، كۆیە شایەنی خزمەتە، ئێمەش لە ئاست ئەو ئەرك و خزمەتەداین و بە پشتگیری كۆیی، كۆیەكەمان دەكەینە بووكی ڕازاوەی كوردستان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم