چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەشێك لە كەسایەتییەكانی شاری هەولێر لە چین و توێژە جۆراوجۆرەكان كۆبووەوە و لە نزیكەوە قسەی لەگەڵ كردن، جەنابیان بە سادەترین شێوە وەسفی خەڵكی هەولێری كرد و گوتی، ئێمە هەموومان لە هەولێر و هەولێرییان فێری رەوشت و مرۆڤدۆستی و مەردایەتی دەبین.
مەریوان قەرەنی پەرلەمانتاری عێراق لە پۆستێك سەبارەت بەو قسانەی سەرۆك بارزانی نووسیویەتی، هەر لە قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد كە كاتێك لێیان پرسیوە خەڵكی كام شاریت، فەرموویەتی كە ئەو خەڵكی هەولێرە، ئەمە جگە لەوەی راشكاوانە گوتی، هەڵوێستی مەردانە و مرۆڤدۆستانەی ئێوە لە كاتی ئەنفالی بارزانییەكان و ئەنفالی 1988، خەڵكێكی زۆر لە ناوچەی بادینان هاتنە هەولێر، قەت لوتفی ئێوەمان لەبیر ناچێت و تا ماوین قەرزاری ئێوەین.
روونی كردەوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەر كەسێك دەزانێت كە هەولێر راستە زۆر تایبەتمەندیی باشی هەیە، بەڵام باشترین تایبەتمەندیی هەولێر ئەو پێكەوەژیانەیە، بۆیە لە گوتەكانیدا فەرمووی، هەولێر شاری پێكەوەژیانە، بە كورتی سەرۆك بارزانی بە هەمووانی گوت كە خەڵكی هەولێر خۆشەویستییەكی تایبەتیان لە دڵی سەرۆك بارزانیدا هەیە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان خزمەتی هەولێر دەكات، ئەمەش هیچ منەتێكی تێدا نییە و پارتی بە كاری خۆی دەزانێت.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، شانازییە كە سەرۆك بارزانی ئەو خۆشەویستییەی بۆ خەڵكی هەولێر هەیە، وەك چۆن هەموو خەڵكی هەولێریش سەرۆك بارزانییان لە دڵەوە خۆش دەوێت و بە شانازییەوە بە رابەر و مەرجەعی خۆیانی دەزانن، بە دڵنیاییشەوە تا سەرۆك بارزانی و پێڕەوانی رێبازی بارزانی هەبن، هەولێر هەمیشە جوانتر و گەشتر و پڕ خزمەتتر دەبێت.
بۆیە پێویستە هەموو كەسێك لە هەولێر، هەموو هەولێرییەكی دڵسۆز، كاتێك دەچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئەوەی لەبیر بێت كە سەرۆك بارزانی بە چ رێز و ئادابێكی بەرزەوە باسی هەولێر و هەولێرییەكان دەكات، بۆیە دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن كە لیستی سەرۆك بارزانییە.