پەرلەمانتارێكی پارتی چارەسەر و ئاسانكاری بۆ قوتابیان و دەرچووان ڕادەگەیەنێت

:: PM:01:48:24/10/2025 ‌
نووسینگەی ڕاگەیاندنی د. نەهلە ئەفەندی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا، ڕۆژی هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، لە ئاگادارییەكدا چەند ڕوونكردنەوە و ئاسانكارییەكی بۆ قوتابیان و دەرچووان ڕاگەیاند، كە سێ توێژی جیاواز دەگرێتەوە.

بەپێی ئاگادارییەكە، ئاسانكارییەكان ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
یەكەم: ئاگاداری ئەو قوتابیانە دەکاتەوە کە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون و خەرجیی خوێندنەکەیان لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقە، کە دەتوانن بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی (کەفالە)دا سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بکەن. لە ئاگادارییەکەدا دووپات کراوەتەوە کە وەرگرتنی ئەم قوتابیانە لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی فراکسیۆنی پارتی بووە.

دووەم: تایبەتە بە قوتابیانی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر قوتابییەک کێشەی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی فیدراڵ هەبێت، نووسینگەی پەرلەمانتارەکە بەدواداچوونی بۆ دەکات.

سێیەم: داوا لەو کەسانە دەکات کە لەسەر بنەمای سێ یەکەمی کۆلێژەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا فۆڕمی دامەزراندنیان پێشکەش بە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام تا ئێستا کۆدی دامەزراندنیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئاگادار بن کە بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود