مەكتەبی ڕێكخستنی كەركووك- گەرمیانی پارتی ڕای گەیاند، لەبارەی ڕووداوەكەی پردێ، لەگەڵ سەرۆكی بەرەی توركمانی هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەكە هێور بكرێتەوە، كێشەكە بە یاسا چارەسەر بكرێت و یاسا سەروەر بێت.
مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك- گەرمیانی پارتی لەبارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەكانی شارەدێی پردێ، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەكانی دوێنێ شەوی پردێ، ئێمە لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك- گەرمیان، هەرزوو پێوەندیمان بە لایەنە پێوەندیدارەكان كرد، بۆ ئەوەی بە ئەركی خۆیان هەستن و دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن، گیانی هاووڵاتییان بپارێزن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، شەوی ڕابردوو لە ساتی ڕووداوەكە ئاگاداری هەڤاڵانمان كردەوە ددان بە خۆیاندا بگرن و هیچ كاردانەوەیەكی توندیان نەبێت، هەرچی هەیە لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر بكرێت.
دووپاتی كردەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، بەتایبەت لەگەڵ (محەمەد سەنعان) سەرۆكی بەرەی توركمانی هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەكە هێور بكرێتەوە و كێشەكە بە یاسا چارەسەر بكرێت و یاسا سەروەر بێت.
هەروەها مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك- گەرمیانی پارتی ڕاشی گەیاند، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەین، ڕێكاری یاسایی بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنەبەر و هاووڵاتییانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، ئەم كردەوانە كاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەكان نابێت و هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا باس لەوەش كراوە، داوا دەكەین ڕۆحی برایەتی و پێكەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی.
شەوی رابردوو گورپێكی نەتەوەپەرستی توركمان لەپردێ لەبانگەشەی هەڵبژاردن چوونە ناو گەڕەكە كوردییەكانی شارۆچكەكە و ئەمەش نیگەرانی لای گەنجانی كوردی پردێ دروست كرد، دواجار گرژی دروست بوو، بەڵام بەرپسانی كورد و توركمان كۆنترۆڵی گرژییەكانیان كرد.