بەربژێری ژمارە 22ی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی كەركووك رای گەیاند، بۆ هەموو لایەك روون بووەتەوە تەنیا پارتی دەتوانێت لە بەغدا دەست بۆ كێشەكانی كورد ببات، ئەوانیتر هەموو لەگەڵ سیاسەتی گشتی عێراق كێشەیان نییە.
هانا بەهجەت فەتاح كاكەیی كاندیدی پارتی لە كەركووك، بۆ "وشە" گوتی، لەبەر ئەوە پێوستە پارتی وەك هێزی یەكەم بەڕێژەیەكی زۆر لە پێش تەواوی حزبەكانی ترەوە بێت، چونكە پارتی شەڕ بۆ مافەكانی كورد دەكات، ئەمە حزبەكانی عێراقیش دەیزانن.
ئەو كاندیدەی پارتی لە كەركووك دەڵێت، حزب و لایەنەكانی عێراق ئەوە باش دەزانن تا پارتی بەهێز بێت، كێشەی كورد هەموو رۆژ لە بەغدا یەخەیان دەگرێت، ئەوان خەون بەوە دەبینن پارتی لاواز بێت بۆ ئەوەی لە كوردستان ببنە دەسەڵاتدار.
هانا دەڵێت: ئەو خەونە نایەتە دی، چونكە پارتی رەگێكی قووڵی لەناو خەڵكی كوردستاندایە، پارتی وەك داربەڕوو رەگی لەناو ئەم خاكەدا رۆچووە و بەرگەی هەموو دۆخێكی ناهەموار دەگرێت.
لەبارەی كەركووكیشەوە ئەو كاندیدەی پارتی گوتی، كەركووك ئاوێزانی یەكترن و خەڵكی كەركووك پشتیوانی پارتین، ئێستەش هەرسێ دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) كە بۆ بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە دیاری كراون، مەبەستی سەرەكیی پارتی لە هاوبەشی واتا پارتی باوەڕی هەیە بە هاوبەشبوون لە بڕیار و بەرنامەكان، هاوسەنگی لە ماف و بەهاكانی بنەڕەتی كە دەبێت لە هەموو جومگەكان بەشێوەیەكی یەكسان پارێزراو بێت.
راشی گەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان بە رژدی دەیەوێت مادەی 140 جێبەجێ بكرێت، كوردستانیانی ئەو ناوچەیە بكرێنە واقیع و ئەمە ئێستە تەنیا لای پارتی ماوە، لایەنەكانی تر بەهیچ شێوەیەك باوەڕیان بە مافە نەتەوەییەكانی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی تر نەماوە.
هانا باسی لەوە كرد كە هەموومان دەزانین تەنیا پارتی قەوارەی هەرێمی پاراست و ئەوانی ترمان بینی كە چۆن ئیشیان بۆ لەناوبردنی كرد.