بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەورەترین پڕۆژەی بەبازاڕكردن و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر بكرێتەوە.
فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، بە "وشە"ی گوت، پڕۆژەكە لەسەر ڕووبەری 357 دۆنم دروست كراوە، ناوی "مێگەل"ـە و توانای جێكردنەوەی 50 هەزار سەر ئاژەڵی هەیە.
باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە سەربڕخانەیەك لەخۆ دەگرێت كە لەسەر ڕووبەری هەشت دۆنم دروست كراوە و توانای سەربڕینی دوو هەزار سەر ئاژەڵی هەیە.
بەگوتەی فیراس سدیق، مەیدانی كۆنی ئاژەڵان نامێنێ، ئەوانەی كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵیان دەكرد، لەوێ شوێنیان پێ دەدرێت و خانوو و شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵ دابین كراوە. ئەمە جگە لەوەی بەشێكی تری پڕۆژەكە هێڵی بەبازاڕكردنە لە ڕێگەی كارگەی لە قوتوونان و دروستكردنی هەمبەرگر و سۆسج.