فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێم 40 هاووڵاتیی گیراوی لە لیبیا گەڕاندەوە كوردستان، بڕیاریشە رۆژی چوارشەم تەرمی ئەو گەنجەش بگەڕێندرێتەوە كە گیانی لە دەست دابوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، 40 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی بەشێوەی نایاسایی ڕێگەی هەندەرانیان گرتەبەر، لە لیبیا گیران و دووچاری ڕێگەیەكی سەخت و دژوار دەبنەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان گیرایەبەر و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم گەیشتنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای گەیشتنەوەیان بە خاكی هەرێمی كوردستان، تیمەكانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، تیمی پزیشكی و هاوكاری، لەگەڵ ئازادكراوان بوون و پشكنینی پێویستی پزیشكییان بۆ ئەنجام درا، دوای تەواوبوونی ڕێكارەكانی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، تەواوی گەنجە ئازادكراوەكان گەڕێنرانەوە لای كەسوكاریان.