بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر رای گەیاند، لە پاركی هەوار، پێنج هەزار دار پرتەقاڵ و 350 دار زەیتوون چێنراون و چاوەڕێ دەكەن بەرهەمەكەیان بفرۆشرێتەوە.
ئەندازیار رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، بە "وشە"ی گوت، چەند ساڵێكە لە پاركی هەواری هەولێر، پێنج هەزار دار پرتەقاڵ و 350 دار زەیتوونیش چێنراون.
باسی لەوەش كرد، چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی ئەو دارانە بفرۆشرێتە كۆمپانیا و داهاتی بۆ حكوومەتی هەرێم هەبێت.
بیرۆكەی داری بەردار لە پاركەكانی هەولێر ماوەی چەند ساڵێكە لە ئارادایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پاركانە شوێنی گشتین، ئەگەری لێكردنەوەی بەرهەمەكانیان لەلایەن هاتوچۆكەرانی پاركەكان لە ئارادایە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر بەری ئەو دارانە دروست دەكات.
ئێستە لە هەولێر حكوومەتی هەرێم پشتێنەی سەوزایی شارەكە بەداری بەردار دەچێنێت، پسپۆران باس لەوە دەكەن ئەگەری زۆرە ئەو دارانە جگە لە خاوێنكردنەوەی هەوای شارەكە و سەوزكردنی، داهاتیش بۆ حكوومەت زیاد بكەن.