دوای ئەوەی باڵندەیەك لە جۆری قوش لەلایەن چەند راوچییەكەوە لە سنووری گەرمیان راو كرا و ڤیدیۆكەی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لایەنی پێوەندیدار هاتنە سەرخەت و توانیان راوچییەكان بگرن و باڵندەكەش بگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دارستانی گەرمیان رای گەیاند، ئەو باڵندە "قوشە"ی لەلایەن ژمارەیەك راوچییەوە راو كرابوو، توانیویانە بەدەستی بهێننەوە و راوچییەكانیش بگیرێن.
لە دوای راوكردنی باڵندەكە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، هۆشداریی دایە راوچیان و رای گەیاند، راوكردنی باڵندەی "قوش" یان شاهین، بە هەموو جۆرەكانیەوە قەدەغەیە.
لە راگەیەنراوێكدا دووپات لەوە كرایەوە هەر كەسێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرانبەر دەگیرێتەبەر و ڕەوانەی دادگا دەكرێت.
باڵندەی قوش یاخۆ "شاهین" جۆرێكی دەگمەنە لە دنیادا و چەندان جۆری هەیە، هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانەی ئەو جۆرە باڵندەیەی لێ دەژی.