زیاتر لە نیو ملیۆن مووچەخۆر مووچەی مانگی هەشت لەرێگەی "هەژماری من"ەوە وەردەگرن

:: PM:07:34:26/10/2025 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەم 26ی تشرینی یەكەمی 2025، ڕای گەیاند کە نزیکەی 550 هەزار مووچەخۆری مەدەنی و خانەنشین، مووچەی مانگی هەشتیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەرێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە پێ دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، پڕۆسەكە كاریگەرییەكی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ئەزموونی خانەنشینان هەبووە و وای كردووە بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەكانیان بگات. لەم مانگەدا ژمارەی ئەو خانەنشینانەی لەڕێگەی "هەژماری من"ەوە مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە زیاتر لە 60 هەزار خانەنشین.

وردەكاریی دابەشبوونی مووچەخۆرانی مەدەنی بەسەر پارێزگاكاندا بەم شێوەیەیە: لە پارێزگای هەولێر 287,195، لە سلێمانی 106,450 و لە دهۆكیش 153,120 فەرمانبەر لەرێگەی سیستەمە نوێیەكەوە مووچە وەردەگرن.

تا ئێستا، زیاتر لە 950 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی "هەژماری من" خۆیان تۆمار كردووە. بۆ ئاسانكاریی زیاتریش، زیاتر لە 580 ئامێری ڕاكێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دامەزراون، كە بە درێژایی 24 سەعات خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن.

پڕۆژەی "هەژماری من" دەستپێشخەرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاگەیەندرا. ئامانج لێی بەبانكیكردنی مووچە، بەمۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان و بەهێزكردنی گشتگیریی داراییە.


وشە - پۆڵا مەحموود