تا ئێستە 35 ملیۆن دینار بۆ یانەی نەورۆز كۆ كراوەتەوە

:: AM:08:58:27/10/2025 ‌
ماوەی حەوت رۆژە هەڵمەتێك لە ژێر ناوی "رۆژی وەفا" بۆ هاوكاریی یانەی نەورۆز دەستی پێ كردووە و بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستە 35 ملیۆن دینار بۆ یانەكە كۆ كراوەتەوە.

دوای ئەوەی یانەی نەورۆز رای گەیاند، لە دۆخێكی سەختی داراییدان، ئەمەش دوای ئەوە هات خاوەنی یانەكە لاهووری شێخ جەنگی لە رووداوەكەی لالەزار گیرا و خرایە گرتووخانە، یانەكە بەتەواوی كەوتە ژێر فشاری ئیداری و داراییەوە.

دوای بانگەوازەكەی یانەكە لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان، دەست كرا بەهەڵمەتێكی پارەكۆكردنەوە بۆ یانەكە، بەمەش توانرا بەشێك لەو كێشە داراییانەی یانەكە چارەسەر بكرێت.

نەوا لەتیف بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەكە رای گەیاند، سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ یارمەتیی یانەی نەورۆز و تا ئێستەش هاوكارییەكان بەردەوامە.

گوتیشی، هونەرمەندان و خەڵكانی باشی وڵاتەكە دەستیان بەهەڵمەتێكی پشتگیری كردووە، بەمەش توانرا هاوكاریی یانەی نەورۆز بكرێت و بەشێك لە كێشەكانی چارەسەر بكرێت.

نەوا دەڵێت: ئێستە بڕی 35 ملیۆن بۆ یانەی نەورۆز كۆ كراوەتەوە و چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی دواتر پارەكە زیاتر بێت، چونكە هەڵمەتەكە بەردەوامە.

ئەوەشی گوت، زیاتر لە 20 ملیۆنی ئەو پارەیە تەنیا هونەرمەند فاخیر هەریری كۆی كردووەتەوە، هەڵمەتەكە درێژەی هەیە و خەڵكی تریش ئامادەی هاوكارین.

یانەی وەرزشی نەورۆز یانەیەكی تۆپی پێی پیشەگەری كوردستانە، لە ساڵی 1994 دامەزراوە. یانەكە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یاری دەكات، ناوەندەكەی لە شاری سلێمانییە.

 ساڵی 2021 بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا توانی بگاتە خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی خولی پلە یەكەكانی عێراق لە یانەی جنسییەی بردەوە.

لە وەرزی 2021 و 2022 دەبێتە یەكێك لە یانە نایابەكانی عێراق. یانەی نەورۆز دووەم یانەی شاری سلێمانییە كە بەشداری خولی نایابی عێراقی كردبێت، یەكێكە لە چوار یانە كوردییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق.

یانەی وەرزشیی نەورۆز لە ساڵی 2008 لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو یانەی ئەزمەڕ و كەمال سەلیم دامەزرا، كە پێشتر لە ساڵی 1994 دامەزراون و ئێستە یەكێكە لە یانە بەھێزەكانی كوردستان و عێراق و بووەتە شانازی بۆ سلێمانی كوردستان.





وشە - سۆران عەزیز