بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا یەكەم نەمامی پڕۆژە سەرسوڕهێنەرەكەی هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچێنرێت، راوێژكارێكی خانووبەرەش دەڵێت، بەدەستی بەتاڵ نەچووە هیچ شوێنێك.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی یەكەم، شوان كامەران راوێژكاری خانووبەرە لە سنووری بەحركە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كۆمەڵگەی كوردی وا باوە كە دەچینە هەر ماڵێك، هەندێك میوە و دیاری لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ ئەو ماڵەی كە سەردانی دەكەین، بۆ ئەوەی خزمایەتی بەهێز بێت و خۆشەویستیی زیاتر ببێت .
دەشڵێت، مەبەستمان لێی ئەوەیە ئێستە سەرۆكی حكوومەت كە دەچێتە هەر شوێنێك، چەند پڕۆژ و خزمەتگوزارییەك دەبات بۆ ئەو شوێنەی كە بۆی دەڕوات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەكەم داری پشتێنەی سەوز لە بەحركە دەچێنێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، دەستكردن بە پشتێنەی سەوزایی دەبێتە یەك لە پڕۆژە سەرسوڕهێنەرەكانی هەموو عێراق و كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە 10 ساڵی داهاتوودا ئەنجامەكەی دەردەكەوێت كە چی كراوە.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی ستراتیجیی گرنگە، چاوەڕوان دەكرێت كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبێت لەسەر كەمكردنەوەی خۆڵبارین، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی.
لە قۆناغی یەكەمی ئەم پڕۆژەیەدا كە ڕووبەرەكەی 13 هەزار دۆنمە، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێت، بە گشتی لە هەموو قۆناغەكانی ئەو پڕۆژەیەدا، حەوت ملیۆن دار دەچێنرێت.
پێشتر لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە، چەندان لیژنە سوودیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، ماوەیەك پێش ئێستەیش ئەندازیارانی یۆنان سەردانی هەولێریان كرد و لێكۆڵینەوەیان لە خاك، ئاو، هەوا و ژینگەی ناوچەكەدا كرد، بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە دارێك گونجاوە بۆ چاندن لە هەولێر.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، یەكێكە لەو پڕۆژانەی كاریگەریی لەسەر كەشوهەوا دەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی زۆری داوە بۆ پاكتركردنی ژینگەی هەرێم، لە ماوەكانی ڕابردووشدا چەندان ڕێكار بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە گیرانەبەر و چەندان پڕۆژەش جێبەجێ كران، لەوانەش داخستنی موەلیدەی گەڕەكەكان و پڕۆژەی ڕووناكی، لە ماستەرپلانی هەولێریشدا، پشتێنەی سەوزایی یەكێك بووە لە پڕۆژە گرنگەكانی پاكڕاگرتنی ژینگەی هەولێر، بە تەواوبوونی ڕێژەی سەوزایی پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 25% زیاد دەكات.