بەرزەپردی سۆران تەواو بوو و ئەمڕۆ دەكرێتەوە

:: AM:10:22:27/10/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری سۆران بكاتەوە، ئەوەش بەشێكە لەو خزمەتەی كابینەی نۆ پێشكەشی سنوورەكەی دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوو پڕۆژەی گرنگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكاتەوە.
 
پڕۆژەكان بریتین لە بەرزەپردی دەروازەی سۆران و شەقامی 30 مەتریی ناو ئیدارەی سۆران، ئەوانیش تەواو كراون و دەخرێنە خزمەت هاووڵاتییان.

بەرزەپردی سۆران گوژمەی پڕۆژەكە زیاتر لە 34 ملیار دینارە و زیاتر لە ساڵێك بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە دانرابوو، بەڵام زووتر تەواو بوو.

ئەم پڕۆژەیە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئاسانتر دەكات، قەرەباڵغیی ناو شاری سۆران ناهێڵێت و رووداوەكانی هاتوچۆ كەم دەكاتەوە.

لە كاتی سەردانەكەیدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكانی دوو پڕۆژەی دیكە بە سەردەكات، كە بریتین لە پڕۆژەی ماستەرپلانی نوێی گەلی عەلی بەگ و پڕۆژەی جادەی 40 مەتری (قۆناغی یەكەم).

پڕۆژەی بەرزە پردی دەروازەی سۆران یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەم لە بواری رێگاوبان، كە گوژمەی گشتییەكەی زیاتر لە 34 ملیار دینارە و كاركردن لە ناوەراستی مانگی شوبات دەستیپێكردووە. لە ئێستە دا كاركردن تیایدا كۆتایی هاتووە.

ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەرزە پرد پێك دێت، یەكێكیان 154 مەترە و ئەوی دیكە 57 مەترە. 

پرۆژەی بەرزە پردی دەروازەی قەزای ناوەندی سۆران، ڕێگای بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاسانتر دەكات، قەرەباڵخی ناو شاری سۆران كەم دەكاتەوە و بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەم سنوورە كەم دەكات.



وشە - رامیار جەواد