پارتی لە كەركووك: دەسەڵات لە شارەكەدا بەدەست عەسكەرەوەیە

:: PM:06:20:27/10/2025 ‌
گوتەبێژی مەكتەبی رێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، وتەكانی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەسەر كەركووك بابەتی هەڵبژاردن نییە، "بەڵكو تەعبیر لە جەوهەری سیاسەتی پارتییە".

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئێمە لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیان پاڵپشتی تەواوی وتە بەنرخەكانی مەسروور بارزانی دەكەین، وتەكانی لەسەر كەركووك بابەتی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو تەعبیر لە جەوهەری سیاسەتی پارتییە بۆ كەركووك و جێبەجێ كردنی مادەی 140ـی دەستوور تاكە چارەسەرە، بۆ جێبەجێ كردنی و دووپاتی كردەوە كە دەبێت دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.
 
"ئایا كەركووك نەبووەتە سەربازگە و هەموو دەسەڵات لای عەسكەر نییە؟. ڕۆژانە بە بەرچاوی هەمووان غەدر و زوڵم و تەعەدا لە جووتیارانی كورد دەكرێت بە هەمەری سەربازی و پاڵپشتی سوپا لە ناوچەكانی سەرگەڕان و دووبز و داقوق و تۆبزاوە و ناوچەی كاكەیی، پێویستە كەركووكییەكان وەڵامی ئەو پرسیارەیان لابێت" لە روونكردنەوەكەدا وا نووسراوە. 
 
دووپات لەوەیش كراوەتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین حزبی كوردستانی عێراقە و تەمەنی 79 ساڵە و لە عێراق و كوردستان ڕێگای پێدراوە مومارەسەی كاری سیاسی خۆی بكات و ئۆرگانەكانمان و هەر لە كەركووك بوون و دوای گەڕانەوەی بارەگاكانمان ئێستەش بەشێك لەو بارەگایانە داگیركراوە.


وشە - وشه‌