سەرۆك بارزانی: تاوانەكانی جینۆساید هێندە گەورەن قەت و قەت لە بیر ناكرێن

:: AM:11:50:28/10/2025 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی رای گەیاند، "تاوانەكانی جینۆساید هێندە گەورەن، قەت و قەت لە بیر ناكرێن."
 
ئەمڕۆ سێشەم 28-10-2025 كۆنفرانسی جینۆسایدی كورد لە زانكۆی دهۆك بەڕێوە چوو. 
 
سەرۆك مەسعوود بارزانی لە كۆنفراسەكە گوتارێكی پێشكێش كرد و گوتی، "بە پیلان و بەرنامە جینۆسایدی گەلی كورد دەستی پێ كردووە."
 
سەرۆك بارزانی گوتیشی، "قەدەری گەلی كوردستان بە درێژایی مێژوو هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە. هەروەها جیهان قەدری ئاشتەوایی گەلی كورد نازانێت."
 
لەبارەی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدیش سەرۆك بارزانی گوتی، "كاتێك جینۆسایدی ئێزیدییەكان دەبینیت، خوێن لە دڵی مرۆڤ دێت."

سەرۆك بارزانی لە میانەی پێنجەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆساید ڕای گەیاند: داوا لە پەرلەمانی وڵاتانی جیهان دەكەم جینۆسایدی كوردستان بە فەرمی بناسێنن، پێویستە حكوومەتی فیدراڵیش قەرەبووی ئەو خەڵكە بكاتەوە.

 لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بە دیكۆمێنتكردنی ئەو جینۆسایدانەی كە بەرانبەر گەلی كورد كراون، لە هەمان كاتیش مامەڵەی زانستی لەگەڵ ئەو پرسە، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، پێنجەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی (دیكۆمێنتكردنی زانستی تاوانەكانی ئەنفال و گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بەرەو ددانپێدانانی نێودەوڵەتیی بە جینۆسایدی گەلی كورد) لە زانكۆی دهۆك بەڕێوە دەچێت.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانی باسی لەوەش كرد: ئەوەی لە كوردستان ڕووی داوە، لە هیچ شوێنی تردا ڕووی نەداوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە جارێكی تر ئەو تاوانانە لە كوردستان دووبارە نەبنەوە. لە ڕابردوودا تا ئێستە قەدەری گەلی كوردستان هەر ستەم و ئازار بووە، 12 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێن كراون.

سەرۆك بارزانی گوتیشی، پێویستە لە عێراق دەستوور ناوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، چونكە  هێشتا هەندێك كەس لە ژێر كاریگەریی فەرهەنگی جینۆسایددان.

باسی لەوەش كرد، تاقانەكانی ئەنفال سیمبولی بەرخودانی كوردستانن، سەركەوتنیش بەشی میللەتی خۆڕاگر دەبێت.

لە كۆتایی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی مەدالیای بارزانی پێشكەش بە پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین كەریم ئەمین بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی دادوەری- هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە كرد. 




وشە - سۆران عەزیز